قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکی نوێدا دوایین زانیاریی دەربارەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ ئاشکرا کرد و مژدەی نزیکبوونەوەی قۆناغی کۆتایی پڕۆژەکەی بە هاوڵاتییانی سنوورەکە بەخشی.
بەپێی وتەکانی قایمقامی چەمچەماڵ، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە تاوەکو ئێستا 30٪ـی کارەکانی جێبەجێ کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان و گوژمەکەی زیاتر لە 70 ملیار دینارە.
ئاسۆ بەکر جەختی لەوە کردەوە کە کارکردن لە پڕۆژەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ پچڕان بەڕێوە دەچێت، گوتیشی: “مانگانە بەپێی ڕێژەی کارکردن پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەکە بەتەواوی کۆتایی بێت و بکەوێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە.”
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە دادەنرێت، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی و تینوێتییە لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا هاووڵاتیانی ناوچەکە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبنەوە.

