لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە یەکێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، چوار گەنج دوای خواردنی قارچکی کێوی ژەهراوی، تەندروستییان تێکچوو و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو چوار گەنجە لە گەشتێکیاندا قارچکی کێوییان کۆکردووەتەوە و خواردوویانە, دوای ماوەیەکی کەم نیشانەکانی ژەهراویبوون (دڵتێکچوون و ئازاری توندی گەدە)یان تێدا دەرکەوتووە و سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی تیمە پزیشکییەکان لە بەشی فریاکەوتن، بەهۆی کاریگەریی توندی ژەهرەکە لەسەر جەرگ و گورچیلەکانیان، هەر چواریان گیانیان لەدەستدا.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە وەرزی بەهاردا، بەهۆی ڕوواندنی قارچکی کێوی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، دەیان حاڵەتی هاوشێوە تۆمار دەکرێن؛ تەنها لە ساڵی ڕابردوودا پتر لە 100 کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە قارچک ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران و بە تێکڕای ساڵانەش لە نێوان 2 بۆ 8 کەس لە کوردستان بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن. پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە جیاکردنەوەی قارچکی کوشندە لە جۆری ئاسایی بە چاو کارێکی ئەستەمە و کوڵاندن یان سوورکردنەوەش نابێتە هۆی لەناوچوونی ژەهری قارچکە بکوژەکان، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت تەنها پشت بەو قارچکانە ببەستن کە لە بازاڕ و کێڵگە فەرمییەکاندا دەفرۆشرێن.

