وەقفی سوننە بەکارهێنانی بڵندگۆی دەرەکی لە نوێژی بەیانیاندا قەدەغە دەکات

دیوانی وەقفی سوننەی عێراق زنجیرەیەک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنی کاروباری مزگەوتەکان دەرکرد و تێیدا بڕیاریدا کە لەمەودوا لە کاتی نوێژی بەیانیاندا تەنیا بڵندگۆ ناوخۆییەکان بەکاربهێنرێن، هاوکات جەختی لەسەر گۆڕینی ئەو بانگبێژانە کردەوە کە دەنگیان بۆ بانگدان شیاو نییە.

بەڕێوەبەری وەقفی سوننەی خورماتوو ئاشکرای کرد کە نوسراوێکی فەرمییان لەلایەن دیوانی وەقفی سوننەی عێراقەوە پێگەیشتووە و تێیدا هاتووە کە دەبێت سەرجەم مزگەوتەکان پابەندی ڕێنماییە نوێیەکان بن, بەپێی بڕیارەکە لەمەودوا لە کاتی نوێژی بەیانیاندا بڵندگۆ دەرەکییەکانی نێو مزگەوتەکان پێناکرێن و تەنیا بڵندگۆی ناوەوەی مزگەوتەکە کاری پێدەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەنگی مزگەوتەکان و نەهێشتنی بێسەروبەری لەنێوان گەڕەکەکاندا. 

هەروەها بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئاستی دەنگی بڵندگۆکان بە شێوەیەکی گشتی کەم بکرێتەوە و ئەو بانگخوێنانەی دەنگیان ناخۆشە بگۆڕدرێن بۆ کەسانێک کە خاوەن دەنگێکی خۆش و گونجاو بن بۆ بانگدان.

ئەم بڕیارەی وەقفی سوننە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە هاوڵاتییان گلەیی ئەوەیان هەبوو کە دەنگی بەرزی بڵندگۆکان و تێکەڵبوونی دەنگی چەند مزگەوتێک لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی بێزارکردنیان، بەتایبەتی لە کاتەکانی شەو و بەرەبەیاندا.

 پێشتریش چەندین جار وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵیان داوە ئاستی دەنگی مزگەوتەکان ڕێکبخەنەوە، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیەی وەقفی سوننە وەک هەنگاوێکی جدیتر بۆ یەکخستنی بانگ و پاراستنی ئارامیی گەڕەکەکان دەبینرێت.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان