پۆلیسی سلێمانیی دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی دزی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند کە بە شێوازێکی جیاواز ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیان دزیبوو، دوای بەکارهێنانیشی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببوون.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ڕووداوەکە لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ڕوویداوە، تۆمەتباران سوودیان لەوە وەرگرتووە کە خاوەنی ماڵەکە بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی وڵات بووە.

لە پڕۆسەیەکی سەیری دزیکردندا، تۆمەتباران لە ڕێکەوتی 2025/12/25 چوونەتە ناو ماڵەکە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری **(رینۆ)**یان بردووە، بەڵام بۆ ئەوەی گومان دروست نەکەن، دوای یەک ڕۆژ ئۆتۆمبێلەکەیان گەڕاندووەتەوە و لە شوێنی خۆی دایان ناوەتەوە. بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکەیان نەبووە و لە ڕێکەوتی 2026/1/6 بۆ جاری دووەم هەمان کاریان کردووەتەوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد کە لە جاری دووەمدا، تۆمەتباران بە ئۆتۆمبێلە دزراوەکەوە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون، هەر بۆیە نەیانتوانیوە بیگێڕنەوە و لە گەڕەکێکی ناو شاری سلێمانی بە جێیان هێشتووە.

دوای ئەوەی لە لایەن دراوسێیەکی ماڵەکەوە لە ڕێکەوتی 2026/1/16 بەشی نەهێشتنی تاوان ئاگادار دەکرێتەوە، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانرا لە 2026/1/27 هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێن  بەناوەکانی:

• (ب.س.ص) لەدایکبووی ساڵی 2004

• (ی.ڕ.م) لەدایکبووی ساڵی 2005

تۆمەتباران لەبەردەم پۆلیسدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان