پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەیەکی هونەری گەورە دەربڕی کە تێیدا مۆنۆمێنتێک بەناوی “کەزی” وەک هێمای شکۆ و یەکبوونی نەتەوەیی لە شاری سلێمانی بونیاد دەنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026 دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەیەکی نوێی هونەری و نیشتمانیی بۆ شاری سلێمانی ڕاگەیاند کە بریتییە لە بونیادنانی مۆنۆمێنتێک بەناوی کەزی وەک هێمایەک بۆ شکۆ و ڕۆژی یەکبوونی نەتەوەیی و نیشتمانیی و بەرخۆدان و سەرکەوتنی گەلی کوردستان.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە وەک پارێزگا پشتیوانیی تەواو لە پێشنیاز و دەستپێشخەریی هونەرمەند دڵشاد بەهادین دەکەن بۆ بنیاتنانی ئەم مۆنۆمێنتە کە ناویان ناوە مۆنۆمێنتی کەزی و بڕیارە لە ڕۆژانێکی نزیکدا بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتیی و ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی و پشتیوانان و دەستەبژێرانی ئەم بوارەدا کارە هونەری و تەکنیکییەکانی بۆ ئەنجام بدرێت.
ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ بەرزڕاگرتنی مێژووی خەبات و بەرخۆدانی کوردستان لە ناو جەرگەی شاری سلێمانیدا و بڕیارە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی کارێکی شایستە و لە ئاستی ناو و ناوبانگی شارەکەدا پێشکەش بکرێت.

