بەڕێوەبەری دەستلەكاركێشاوەی پەروەردەی چەمچەماڵ ئاشكرای كردووە، شەوی ڕووداوی لافاوەکە پارێزگاری سلێمانیی رێگەی نەداوە لە چەمچەماڵ بكرێتە پشوو.
ئەمڕۆ دووشەمە، 15ی کانونی یەکەمی 2025,عەبدوڵا حەمە كاكە، بەڕێوەبەری دەستلەكاركێشاوەی پەروەردەی چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “شەوی ڕووداوەكە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیی داوای كردبوو بكرێت بە پشوو بەڵام پارێزگاری سلێمانیی ڕازی نەبوو بكرێتە پشوو و كاتژمێر11:00ی شەو پەروەردەی سلێمانی وتی پشوو نیە”.
عەبدوڵا حەمە كاكە ئاماژەی بەوەکرد،کە پەروەردەی چەمچەماڵ هیچ كەمتەرخەمییەكی نەكردووە و بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر “تێوەگلانی پەروەردە بە لافاو” دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
عەبدوڵا حەمە كاكە گوتی، سەرەتا وامانزانیبوو 12 قوتابخانەیە بەر زیانی لافاوەکە کەوتوون ، بەڵام دواتر دەرکەوتووە 18 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکانیان شکاوە و هەندێکیشیان دزییان لێکراوە.

