قوباد تاڵەبانی پەیامێکی لەسەر هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بە خێرایی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕایگەیاند: هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هەموو عێراقە، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی گرووپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.

