هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی؛ دوژمن بە ماڵمان فێر مەکەن؛ بێدەنگی هاندانی تاوانە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، سەرکۆنەی توندی هێرشی ناڕەوای سەر کێڵگەکانی کۆرمۆر دەکەین، پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عیراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان؛ ئەرکی پاراستن و ئاسایشی هەموو وڵات بەم ناوچانەیشەوە، مکوڕانە لەئەستۆبگرن.
دکتۆر هەڤال ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد: پێویستە کۆتایی بەم شێوازە ناڕەواو نادەستوریی و نایاسایی و نامرۆڤانەیە بهێنرێت کە لە دەرەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، مەترسیی و هەڕەشەو هێرشی لەم شێوانە درێژەپێدەدەن.
.هەڤاڵ ئەبوبەکر : شاردنەوەی بکەرانی هێرشەکان وایکردووە تاوان دووبارە ببێتەوە، ناکۆکیی ناوخۆیش زەمینە بۆ پیلانی دەرەکی خۆش دەکات، داواکارین کۆتایی بەم دۆخانە بهێنرێت و وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بپارێزرێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025یش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

