کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، “سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە رێژەی 100% هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی بوون”.
ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان”.
جومانە غەلای وتی، “نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان”.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەنرێت، دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەستپێدەکات.

