دوای نزیکەی 30 مانگ لە وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان دەستیپێکردەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند: “هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستی پێکردوەتەوە و ئەو نەوتەی لە هەرێم وەری دەگرن دەچێتە بۆڕی عێراق- تورکیا و لە بەندەری جیهان نەوتەکە دەفرۆشرێت”
ئەمرۆ شەممە 27ی ئەیلولی 2025 وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت” پڕۆسەکانی کارپێکردن لە کاتژمێر 6:00ی بەیانییەوە بە خێراییەکی زۆر و بە شێوەیەکی تەواو دەستیانپێکرد، بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بەرچاو تۆمار بکرێت، ئەمەش سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم نیشان دەدات لە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا”.
موزهەر محەمەد: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رۆژانە 14 ملیۆن دۆلار داهاتی عێراق زیاد دەکات، بەشداریکردنی کۆمپانیا بیانییەکانیش لە رێککەوتنەکەدا، متمانەی وەبەرهێنان لە کوردستان بەهێز دەکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد” ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگیەکی بەرز، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکانی نەوت و پشتگیریکردنی ئابووری نیشتمانی”.

