سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بە تیروپشکی ئەلیکتڕۆنی ڕایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند بووبێتو فۆڕمی پڕکردبێتەوە و زانیاری دروستی نەدابێت، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا زانیاری لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی لەلایەن فەرمانبەران بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەئێستادا لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی وردبینی بۆ داواکاریی سەرجەم فەرمانبەران دەکەن.
هەروەها دەڵێت، ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فیعلی لە هەشت ساڵ کەمتر بێت یاخود هەردوو هاوسەری فەرمانبەر فۆڕمیان پڕکردبێتەوە، ئەوا پێویستە بەنووسراوی فەرمیی فەرمانگەکانیان شارەوانی ئاگادار بکەنەوە.
هاوکات، دەشڵێت، ئەگەر ئاگاداریان نەکەنەوە، بەگوێرەى ئەو بەڵێننامەیەی لە کاتی پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕکراوەتەوە،لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکەن.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە فەرمانبەران دەکات کە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ڕاستەوخۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەکەن،بەڵکوو هەر داواکارییەک یاخود پرسیار و کێشەیەکیان هەیە، لەڕێگەى لیژنەکانی فەرمانگەکانیانەوە ئاگاداریان بکەنەوە.

