بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق کرد.
دوێنێ شەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازیی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق کرد.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوە چوو.
هاوکات، لەپێناو زاڵبوون بەسەر دۆخە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، جەخت لە هاوکاریی و هەماهەنگیی دەزگا هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە و دۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
بافڵ تاڵەبانی گرنگیی پێویستیی پەیوەندی سەرجەم دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانی دووپات کردەوە و گوتی، “دابینکردنی ژیانێکی ئارام و دوور لە تیرۆر بۆ خەڵکەکەمان کاری لەپێشینەمانە. هەروەها بە کاری پێکەوەیمان دەتوانین باشتر رووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان ببینەوە و هیچ دەرفەتێکیش بۆ تیرۆریستان نەهێڵینەوە.”
هەروەها سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، یاساشکێنی بکات و ژیان و سەقامگیریی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بخاتە مەترسییەوە، دەبێت یاسای بەسەردا بچەسپێنرێت و یاسا سەروەر بێت.

