بافڵ تاڵەبانی: دەبێت مافی کورد لە سووریا مسۆگەر بێت

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کرد.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەیبوون، نوێترین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوتوێ کرا.

بافڵ تاڵەبانی پشتگیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، دووپات کردەوە، هاوکات، گوتی: “دەبێت مافی کورد لە سووریای نوێدا مسۆگەر بێت و وڵاتەکە بە هاوبەشیی هەموولایەک بەڕێوە بچێت و حکومەتی سووریا نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات.”

لای خۆیەوە، وەفدی پەیەدە سڵاوی بەڕێز مەزڵوم عەبدییان گەیاندە سەرۆکی یەکێتیی و پشتیوانی پەیەدە و هەسەدەیان جارێکی دیکە بۆی دووپات کردەوە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان