مەسعود پزیشکیان: دەبێت تاران چۆڵ بکەین

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر باران نەبارێت دەبێت تاران چۆڵ بکەین.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیعتیماد، پزیشکیان لە میانی سەردانیدا بۆ شاری سنە، لە گوتارێکی  ئاماژەی بە چەندین کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی داوە کە بەرۆکی وڵاتەکەیانی گرتووە.

پزیشکیان باسی لەوە کرد کێشەکان پەیوەندیان بە نرخە گرانەکان و هەڵئاوسانەوە هەیە، کە هەم ئەنجامی ڕێوشوێنە هەڵەکانی ناوخۆن و هەمیش پەیوەندیان بە سزاکانەوە هەیە و، ڕایگەیاند: “گرانی نرخ و هەڵئاوسان هەڵەی پەرلەمان و حکوومەتە. کار لەسەر ئەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوە داراییەکان سنووردارن، پڕۆژەکان نیوەناچڵ دەمێننەوە”.

مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە قەیرانی ئاو لە ئێران کرد کە بەهۆی وشکەساڵییەوە دروست بووە و، ڕایگەیاند: “ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانە سروشتییەکان بووەتەوە، وەک کەمی باران و سەرچاوەکانی ئاو، ڕەنگە ئەم قەیرانانە ئەنجامی خراپیان لێبکەوێتەوە”.

پزیشکیان لە بارەی کەم ئاوی لەپایتەختی ئێران ڕایگەیاند: “ئەگەر باران نەبارێت، لە مانگی داهاتووەوە ناچار دەبین لە تاراندا دەست بە کەمکردنەوەی ئاو بکەین. ئەگەر دوای ئەوەش باران نەبارێت، ئاومان نامێنێت و ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین”.

وشکەساڵی لە ئێران قەیرانێکی درێژخایەنی سروشتی و دەستکردە کە ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە، هۆکاری ئەم قەیرانانە دەگەرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی خراپی ئاو وەک دروستکردنی بەنداوی زۆر و بەکارهێنانی ناتەندروستی ئاو لە کشتوکاڵدا، یەدەگی ئاوی ژێر زەوی و بەنداوەکانی بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمکردووەتەوە، ئەم دۆخە مەترسی گەورەی خستووەتە سەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارە گەورەکان و کەرتی کشتوکاڵی وێران کردووە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان