زەوی بەسەر مامۆستایان دابەشدەکرێت

د. کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند زەوی بەسەر مامۆستایانی زانکۆی سلێمانیدا دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەمە 6ی تشرینی دووەمی 2025، د. کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانیی ڕایگەیاند: زەوی بەسەر مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دابەشدەکرێت و  ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک 200 مەتر دەبێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک شەقام، ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنی سەوزایی بۆ دابین دەکرێت.

د. کۆسار محەمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی پێویستیی شوێنەکە، خوێندنگا و دایەنگا و بنکەی تەندروستی لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا دروست دەکرێن.

هەروەها وتیشی: “ئەم هەنگاوە وەک پاداشتێکی بچووکە بۆ مامۆستایانی زانکۆ کە سەرەڕای قەیرانەکان و دواکەوتنی مووچە، بەردەوام بوون لە خزمەتکردن و پاراستنی ئاستی بەرزی زانکۆ.” ناوبراو جەختیشی کردەوە کە هەوڵ دەدەن لە داهاتوودا زەوی بۆ فەرمانبەرانیش دابین بکەن.

لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، د. یۆهان عوسمان، زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە 833 مامۆستای هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە تیروپشکەکەدا سودمەند دەبن. 

شارەوانی سلێمانیی هۆشداری داوەتە ئەو فەرمانبەرانەی کە ئەگەر پێشتر سوودمەند بوون یان هەردوو هاوسەر فۆڕمیان پڕکردبێتەوە، دەبێت ڕاستەوخۆ بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەکەیان ئاگاداری شارەوانی بکەنەوە، چونکە لیژنەکان خەریکی وردبینین و پێچەوانەکەی تووشی لێپێچینەوەی یاساییان دەکات.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان