گەشتی فرۆکەی نێوان تورکیا و سلێمانی دەستیپێکردەوە

دوای زیاتر لە دوو ساڵ ڕاگرتنی گەشتەكان، ئەمشەو یەكەم فڕۆكەی هاتوو لە توركیاوە لە سلێمانی دەنیشێتەوە

ئەمرۆ یەکشەمە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە دوو ساڵ سەپاندنی قەدەغەی گەشت لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بۆ توركیا، لە درەنگانێكی ئەمشەوەوە یەكەم فڕۆكەی هاتوو لە توركیاوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەنیشتێتەوە.

دانا محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: ئەمشەو كاتژمێر 10:30 خولەك فڕۆكەیەك لە ئیستانبووڵەوە دەفڕێت، كاتژمێر 1:10ـی بەرەبەیان دەگاتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەنیشتێتەوە، هاوكات هەمان فڕۆكە كاتژمێر 2:40 دەفڕێتەوە بەرەو ئیستانبووڵ.

لە درێژەی قسەکانیدا دانا محەمەد گوتی:  بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هەفتانە چوار گەشت لە نێوان سلێمانی و توركیا ئەنجام دەدرێت و پلان هەیە ژمارەی گەشتەكان زیاتر بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە لە مانگی چواری ساڵی 2023 ەوە قەدەغەی گەشتی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و توركیا جێبەجێكراوە و لەوكاتەوە هیچ فرۆكەیەك لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە نەچووەتە توركیا و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە بە دەستپێكردنەوەی گەشتەكان چاوەڕێ دەكرێت جوڵەی ئابووری لە سلێمانی بەهێزتر بێت.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان