شێخ ساڵح فەوزانی بە موفتیی نوێی شانشینی سعودیە دەستنیشان کرا
میدیای فەرمیی سعودیە ڕایگەیاند، شێخ ساڵح فەوزانی تەمەن 90 ساڵ، لە لایەن شا سەلمانەوە لەسەر پێشنیازی شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمانی کوڕییەوە، کراوە بە موفتی سعودیە.
شێخ فەوزان لە 28ی ئەیلوولی 1935 لە پارێزگەی قەسیم لە سعودیە لە دایکبووە. دوای کۆچی دوایی باوکی، لای شێخەکانی ناوچەکەی، قورئان و زانستەکانی خوێندووە.
فەتواکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوکراونەتەوەو لەبەر قسە و فەتوا ڕاشکاوەکانی، شێخ فەوزان چەندین جار کەوتووەتە بەر ڕەخنەی میدیای رۆژئاواییەکان.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی 2017 ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە وەڵامێکی فەوزان دەکات کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا دەکرێت سوننەکان خەڵکی شيعە مەزهەب بە برای خۆیان بزانن؟ ، شێخ فەوزان لە وەڵامدا گوتبووی: “ئەوان برای شەیتانن، درۆ لە بارەی خودا و پێغەمبەر و موسڵمانانەوە دەکەن، هیچ گومانێک لە بێبڕوابوونی ئەواندا نییە.”

