بۆ پاراستنی ژینگە و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی، ئەنجوومەنی شارەوانیی کەلار بڕیارێکی گرنگی دەرکرد کە سەرجەم خاوەن ماڵ و دووکانەکان پابەند دەکات بە چاندنی درەخت لە بەردەم ماڵ و شوێنی کارەکانیان، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە کە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی کەلارەوە پەسەند کراوە و لەلایەن بەشی باخچەکانەوە لە چوارچێوەی پڕۆژە حکومییەکاندا جێبەجێ دەکرێت؛ هەموو خاوەن ماڵ و دووکانێک ناچار دەکرێن بە چاندن و پاراستنی نەمامێک. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەرزیی درەختەکە لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت.
شارەوانیی کەلار ڕایگەیاند، هەر کەسێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، بە بڕی 150 هەزار دیناری عێراقی سزای دارایی دەدرێت. ئامانج لەم هەنگاوە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانکردنی سیما و ژینگەی شارەکەیە، کە بە “کەلاری سەوز” ناسراوە و هەوڵ دەدرێت سەوزتر بکرێت.
بەرێوبەرایەتی شارەوانی لە بڕیارەکە سزای توندیشی داناوە بۆ ئەو کەسانەی زیان بە درەختەکان دەگەیەنن. هەر هاوڵاتییەک، کۆمپانیایەک، یان دوکاندارێک بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی لە شارەوانی، درەخت ببڕێتەوە یان هەڵیبکەنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی دارایی دەبێتەوە کە لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات و تا دوو ملیۆن دینار دەڕوات.

